کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک لە مەنچێستێر دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو

11:05 - 30 خاکەلێوه 2726

کوردەکانی نیشتەجێی بریتانیا لە شاری مەنچێستێر، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بۆ مەحکووم‌کردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ٢٩ی خاکەلێوە، بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی بریتانیا بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی نوێی گەلەکەمان و پاڵپشتیکردن لە بزاڤی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری مەنچێستێر کۆبوونەوە.

بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕی، توندترین ناڕەزایەتییان بەرامبەر هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپی پەنابەران دەربڕی.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. لە درێژەی گردبوونەوەکەدا، چەندین سروودی نیشتمانی وەک "ئەی شەهیدان" پێشکەش کران و بەشداربووان جەختیان لە بەردەوامیی خەبات و یەکدەنگیی کوردانی تاراوگە بۆ گەیاندنی دەنگی مافخوازی گەلی کورد بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.