کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

16:28 - 30 خاکەلێوه 2726

کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە شاری سیدنیی ئوسترالیا، دژی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە و شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، دەستیان دایە خۆپیشاندان.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، خۆپیشاندانێکی بەرین بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی "هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە شاری سیدنی پێک هات.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشێکی ئەم خۆپیشاندانەدا چەندین وتار لەلایەن نوێنەری حیزبەکان و کەسایەتییەکانی ئوسترالیا پێشکەش کران، کە تێیاندا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان کرد.

 وتارەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تاران دابنێت و ڕێگری لە تێرۆری دەوڵەتی و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی بگرێت.

ئەو کەسایەتی و لایەنانەی پەیامیان پێشکەش کرد بریتی بوون لە:

فەرامەرز سدیقی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڕمان ڕەجەبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

بروسک ئیوەری لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

مردیس بێرگمەن، بەرپرسی پێشووی یاسادانەرانی ویلایەتی نیو ساوت وایڵس

بیڵ کروس، لە دامەزرێنەرانی بونیادی بیڵ کروس

نادر غەریبیان لە کۆمەڵەی کوردی سیدنی

خاتو مەهەستی تاهیری لە کۆمەڵەی پسپۆڕانی ئێرانی لە ئوسترالیا

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی دوایین شەهیدانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، وێڕای شەرمەزارکردنی تاوانەکانی ڕێژیم، بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی دروشمی شۆڕشگێڕانەیان دژی دیکتاتۆری و بۆ پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد بەرز کردەوە.