لە دووەم ڕۆژی کۆنفڕانسی "پلاتفۆرمی وەگەڕخستنی جیهانی" لە شاری بارسێلۆنا، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زنجیرەیەک دیداری سیاسیی گرینگی لەگەڵ سەرۆک پارتەکان و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان ئەنجام دا.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی بەڕێز "مستەفا هیجری"، لە درێژەی بەشدارییان لە پلاتفۆرمی وەگەڕخستنی جیهانی (Global Mobilization)، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و نوێنەرانی سیاسیی جیهان کۆبوونەوە.
لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا، بەڕێز مستەفا هیجری دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ خاتوو "ماگدالینا ئەندەرسۆن"، سەرۆکی پارتی سۆسیال دێموکرات و سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید ئەنجام دا. لەو دیدارەدا، خاتوو ئەندەرسۆن وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە چاوپێکەوتنی شاندی حیزب، نیگەرانیی خۆی و پارتەکەی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە نیشان دا و پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامیی خەباتی دێموکراتیک دووپات کردەوە.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی شاندی حیزب لەگەڵ نوێنەرانی جیهانی، جەختکردنەوە بوو لەسەر پەیامە بنەڕەتییەکانی وەک ، بەرگریکردن لە ئازادی و دێموکراسی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری و پڕەنسیپی یەکسانی بۆ هەمووان. هەروەها تیشک خرایە سەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و ئەو بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەی کە دەبێت ڕێگری بکات لە پشتگوێخستنی مرۆڤەکان.
شاندی حیزبی دێموکرات لەم سەردانەدا، وێڕای نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دۆست و هاوڕێ دێرینەکانی حیزب لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، توانییان چەندین پەیوەندیی سیاسیی نوێ لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە جیاوازەکانی جیهان بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلی کورد دروست بکەن.

