هەواڵدەری "میزان"، سەر بە دەزگای بەناو دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەد مەعسووم شاهی" و "حامید وەلیدی" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دراون.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم دوو کەسەی بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە تۆڕێکی پەیوەندیدار بە مووساد" لەسێدارە داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە پێش ئەنجامدانی ئەرکێک لە تاران دەستبەسەر کراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە کاتی دەستبەسەرکردن، ڕەوتی لێکۆڵینەوە و شێوازی دادگایی کردن بڵاو نەکراوەتەوە؛ بابەتێک کە جارێکی تر ناڕوونی دۆسییە ئەمنییەتییەکان زەق دەکاتەوە.
ئەم کەسانە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بوون و لە دادگای ئینقیلابی کەرەج بە تۆمەتگەلێکی وەک "محارەبە" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە سێ حەوتووی ڕابردوودا، لانیکەم ١٤ بەندکراو لەسێدارە دراون و هاوکات بەرپرسانی بەناو دادوەریی ڕێژیم لەسەر خێراکردنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی زیندانیانیی سیاسی جەختیان کردووەتەوە.