کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کوردانی ڕۆژاوای کانادا دژی هێرشە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی

11:13 - 31 خاکەلێوه 2726

بۆ مەحکوومکردنی هێرشە دڕۆنی و تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە ناوەندی شاری ڤانکۆڤێر بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، بە بەشداری کوردستانیانی دانیشتووی ڕۆژاوای کانەدا و بە هاوکاریی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی دوایین هێرشی ڕێژیم و دەربڕینی بێزاری لە تاوانەکانی تاران ڕێکخرا. لە دەسپێکی بەرنامەکەدا دوای شرۆڤەی ئامانجی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوزاد وێژە، ئەندامی کۆمیتەی حیزب، سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" پێشکەش کرا.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی ناوەندە سیاسییەکان و لایەنە کوردستانییەکان خوێندرایەوە. ژینۆ کەریمی پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران و پێشمەرگە، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و وەک "تاوانی شەڕ" هەژمار دەکرێت. هەروەها ئیسماعیل ئیبراهیمی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە کانەدا، داوای لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کرد هەڵوێستی کردەیییان بەرامبەر ئەم جینایەتانە هەبێت.

لە کۆتاییدا، کەیومەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی لە تاراوگە، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە هێرش بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان دەیەوێت شکستەکانی خۆی بشارێتەوە، بەڵام حیزبی دێموکرات و گەلی کورد سوورن لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان تا وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیییەکان.