کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوەڕەسمێک لە بروکسێل بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی

12:05 - 31 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، لە شاری بروکسێلی پێتەختی بێلژیک، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لەلایەن حیزبەکانی ئەندام لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بە هاوکاریی ڕێکخراوی ماڵی کورد بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە مەبەستی مەحکوومکردنی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدانی دوایین هێرشەکان ڕێک خرابوو.

گردبوونەوەکە لە گۆڕستانی "ئێورن" و لەسەر مەزاری تێکۆشەری کۆچکردوو خاتوو "حەلیمە قادری" پێک هات. تێیدا نوێنەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و چەندین حیزب و ڕێکخراوی دیکەی کوردستانی نیشتەجێی بێلژیک بەشدار بوون. سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی مراسمەکەدا، چەندین پەیام پێشکەش کران؛ لەوانە پەیامی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەن خاتوو سەیران مستەفایی، پەیامی نوێنەرایەتیی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن ئاکۆ محەممەد فەرەج و پەیامی ڕەوەندی کوردستانی لەلایەن خاتوو ناسکە نەسیری خوێندرانەوە.

بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی کوردستان، جارێکی دیکە پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد نوێ کردەوە.