ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە، لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان کە پێکهاتبوون لە "پلاتفۆرمی زمان و کولتووری کوردی (پێڵکورد)"، "پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)"، "پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)" و "بزووتنەوەی ژیانی کوردستان (ڤەژین)" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سەربەخۆ، پرسەیەکی شکۆداریان لە شاری ئامەد بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێک خست.
ئەم ڕێوڕەسمە کە لە بارەگای "پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان" بەڕێوە چوو، بووە ناوەندێک بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی نەتەوەیی و پشتگیریکردن لە خەباتی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەو پرسەیەدا بەشداربووان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی دوایین هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، پەیمانی وەفادارییان بۆ ڕێبازی نەتەوەیی نوێ کردەوە.
لایەنە ڕێکخەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژژهەڵاتیان بە "تاوانی شەڕ" ناو برد و جەختیان کردەوە کە ئەم دەستدرێژییانە ناتوانن ئیرادەی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی لاواز بکەن. هاوکات بەشداربووان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی پەنابەرانی سیاسی بگرنە ئەستۆ و ڕێگری لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تاران بکەن.
