کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی زیندانییەکی سیاسیی دیکەی لە دار دا

12:34 - 1 بانەمەڕ 2726

لە درێژەی ڕەوتی ئێعدامەکان لە ئێران چالاکێکی سیاسیی دیکە کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباردا گیرابوو، لە دار درا.

هەواڵدەری "میزان"ـی سەر بە دەزگای دادی کۆماری ڕێژیم ڕایگەیاندووە بەرەبەیانی سێشەممە، ١ی بانەمەڕ "ئەمیرعەلی میرجەعفەری" ئێعدام کراوە. ئەمیرعەلی میرجەعفەری دوای دەسبەسەرکرانی تۆمەتی "سووتاندنی مزگەوتی گەورەی قولهەک" و "هاوکاری لەگەڵ مۆساد"یان دابووە پاڵ و ئێستاش پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا ئێعدام کراوە.

تەنیا لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لانیکەم ١٤ زیندانیی سیاسی بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، یان سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی لە سێدارە داوە.

شایانی باسە لێدوانی ئەمدواییانەی بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژیم سەبارەت بە "بارودۆخی شەڕ" و جەختکردنەوە لەسەر پەلەکردن لە جێبەجێکردنی حوکمەکان، پەرەی بە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و سڕینەوەی نەیاران و دژبەران داوە.