کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادکردنی کاتیی دوو زیندانیی سیاسی لە بۆکان بە بارمتەی قورس

19:26 - 1 بانەمەڕ 2726

دوو زیندانی سیاسیی خەڵکی بۆکان دوای نزیکەی سێ مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی قورسی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

"ڕەحیم شیلانی" و "ئازاد ڕەسوڵی‌فەرد" کە ئێستا بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، ڕۆژی ۱۰ی ڕێبەندانی ۱٤۰٤ بەبێ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. ئەم دوو کەسە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا بە توندی ئەشکەنجە کرابوون و دواتر بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترابوونەوە. ئەو دوو چالاکە سیاسییە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون و ئێستاش دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە وردەکاریی پەروەندەکەیان و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان نەزاندراوە.

گرتنی بەبێ بەڵگە، ئەشکەنجەدان بۆ داننانی زۆرەملێ، پەروەندەسازی و پاشان دیاریکردنی بارمتەی قورس بۆ ئازادکردنی کاتیی بەندکراوانی سیاسی هەتا دادگایی و حوکمدانیان، بەشێکە لە سیاسەتی گوشار بۆ سەر خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم نەک هەر بنەماڵەکان دەخاتە ژێر باری قورسی ئابوورییەوە، هاوکات دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە مافە سەرەتایییەکانی وەک دادگاییکردنی دادپەروەرانە سنووردار دەکات. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن بەکارهێنانی بارمتەی زۆر و قورس، نیشانەیەکە بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئەمنییەتیی بەسەر پرسە مەدەنییەکان لە کوردستاندا.