ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا تا ئێستا لانیکەم ٣ هەزار و ٦٤٦ کەس لە سەرتاسەری ئێران گیراون؛ ژمارەیەک کە بە وتەی ئەم دامەزراوەیە، لانیکەم ٧٦٧ حاڵەتیان دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست تۆمار کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە نێوان گیراوەکاندا لانیکەم ١١١ چالاکی مەدەنی و سیاسی لەوانە نەسرین ستوودە هەن و لە زۆر حاڵەتدا دۆخی ڕاگرتن و چارەنووسیان هێشتا نادیارە.
داتا بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە دەستبەسەرکردنەکان لە پارێزگاکانی کوردستان بەرچاو بوون؛ بەجۆرێک کە لە پارێزگای ورمێ ٢٥ کەس، لە سنە ١٥ کەس، لە کرماشان ٢ کەس و لە ئیلامیش ٢ کەس گیراون.
ئەم دەستبەسەرکردنانە لەلایەن دامەزراوەکانی وەک وەزارەتی ئیتڵاعات، ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران و هێزی پۆلیس ئەنجام دراون و تۆمەتەکانی وەک سیخوڕی و هەوڵدان دژی ئەمنییەت بۆ دەستبەسەرکراوەکان خراونەتە ڕوو.
بەڕێوەبەری ئەم ڕێکخراوە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو زیندانییانی سیاسی و جیابیران کردووە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەم بابەتە ببێتە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.