ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕ، تیمی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، پێکهاتوو لە سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا، بەیان فەرشی، لوقمان ئەمینی و بە هاوڕێیەتیی دوکتور فەرەیدوون ڕەحمانی، لە ناوەندی پارلەمانی کانەادا لەگەڵ "تۆم کێمیچ" جێگری سەرۆکی پارلەمان و گرووپی پارلەمانیی "دۆستانی کورد" کۆ بوونەوە.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێران و دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، گەڵاڵەیەکی فەرمی پێشکەش بە لایەنی کانادیی کرا کە تێیدا داوا کرابوو دەوڵەت و پارلەمانی ئەو وڵاتە بە فەرمی پشتیوانی لە دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ بۆ داهاتووی ئێران بکەن.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" وەک یەکەیەکی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن و نوێنەری گەلی کورد بناسرێت.
شاندی حیزب داوای لە دەوڵەتی کانادا کرد هەنگاوی جیددی بنێت بۆ ناسینەوە و دەرکردنی ئەندامانی سپای پاسداران و بنەماڵەکانیان لە خاکی ئەو وڵاتەدا. لە بەرامبەردا، جێگری سەرۆکی پارلەمان و ئەندامانی گرووپی دۆستانی کورد، وێڕای ئاراستەکردنی چەندین پرسیار لەسەر دۆخی ناوچەکە، بەڵێنیاندا کە بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای کورد و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی حیزبی دێموکرات بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، بەڕێزان "تۆم کێمیچ" و "زیاد ئەبولتایف" داوایان لە نوێنەری حیزب کرد کە پڕۆژەی پێشنیارکراوی پشتیوانی لە سیستمی فیدراڵی ئامادە بکەن، تا بە مەبەستی گفتوگۆی فەرمی بیبەنە نێو پارلەمانی کاناداوە. جێی ئاماژەیە لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک لە پارلەمانتاران و نوێنەرانی ئۆفیسی پارتە جیاوازەکانی کانادا ئامادە بوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەردەوامیی ئەم پێوەندییانە دەربڕی.
