دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری ئیسفەهان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادوەری، "عیرفان کیانی" لە گیراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار کە بە ئیدیعای ئەم میدیایە، لە "توخمە سەرەکییەکانی ئاژاوەگێڕییەکان" بووە و تۆمەتەکانی وەک تێکدانی موڵکی گشتی بە فەرمانی مووساد و دروستکردنی نائەمنی دراوەتە پاڵ، لەدار درا.
ئەم ڕاپۆرتە هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردن، شێوازی لێپرسینەوە یان دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەر نەخستووەتە ڕوو و تەنیا ئاماژەی بە پەسەندکردنی حوکمەکە لە دیوانی باڵای ڕێژیم کردووە.
بە جێبەجێکردنی ئەم سێدارەیە، ژمارەی لەسێدارەدان لە کاتی دەستپێکردنی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییەوە گەیشتووەتە ٢٠ کەس.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە نەیارەکان یان سیخوڕی لەسێدارە دراون؛ ڕەوتێک کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ زیاتر کردووە.