بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی ژنێکی کوردی تووشبوو بە شێرپەنجە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "شلێر مامقادری"، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئەو لەبەردەستدا نییە.
ئەم ژنە کوردە کە تووشبووی شێرپەنجەی مەمک و سەرپەرشتیاری دوو منداڵە، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەرەبەیانی ١٩ی خاکەلێوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.
شلێر مامقادری دووەم جارە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر دەکرێت؛ ناوبراو پێشتریش دوای ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی زۆر، بە بارمتەیەکی قورس ئازاد کرابوو.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و بێبەشکردنی شلێر لە چارەسەرە پزیشکییەکان، لەکاتێکدا کە پێویستی بە شیمیدەرمانی هەیە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ناوبراو و چارەنووسی منداڵەکانی زیاتر کردووە.