ڕۆژی هەینی، ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە مەبەستی مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی و گەیاندنی دەنگی گەلانی ئێران بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیم لە کۆپێنهاگی پێتەختی دانمارک بەڕێوە چوو.
ئەم خۆپیشاندانە کە لەلایەن "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"، "سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران" و "حیزبی خەڵکی بەلووچستان" ڕێکخرابوو، ئامانجی سەرەکیی ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی بوو لە هەمبەر لەسێدارەدانی ئازادیخوازان و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر بنەماڵە و کەمپ و بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان.
بەرنامەکە بە وتەی پێشکەشکاران "حوسێن حوسێنی" و "کوێستان جەعفەری" بە زمانەکانی کوردی و فارسی دەستی پێ کرد و دوای خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و چەندین پەیام پێشکەش کران:
پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانی.
پەیامی حیزبی خەڵکی بەلووچستان لەلایەن محەممەد کەدخودایی.
پەیامی سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لەلایەن مونا فروزەندە.
پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارک لەلایەن یەڵماز یەڵداز.
لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا، تێکستێکی تایبەت لەلایەن ''کیا'' خوێندرایەوە و بەشداربووان بە دانانی گوڵ لەسەر وێنەی شەهیدان و لەسێدارەدراوانی ئەم دواییە، پەیمانی وەفادارییان بۆ ڕێبازیان نوێ کردەوە. هەروەها خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی، دانمارکی و ئینگلیزی لە شەقامەکانی دەوروبەری باڵوێزخانە، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان گەیاندە گوێی نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان لەو وڵاتەدا.


