کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوید بەڕێوە چوو

10:45 - 6 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی شەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید، بە دەم بانگەوازی هێزەکانی هاوپەیمانیی کوردستانەوە هاتن و لە گۆڕەپانی "گوستاو ئادلۆف" دژی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد.

ئەم خۆپێشاندانە بە مەبەستی مەحکوومکردنی پەلامارە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، کە تێیدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار ببوون.

 ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی ئەم گردبوونەوەیەدا، پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن "نەبەز عەلی‌دوست" خوێندرایەوە. هەروەها پەیامی هاوپەیمانیی کوردستان بە زمانی سویدی لە لایەن "کاوە" پێشکەش کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا، خاتوو "نینا" دوو سروودی نیشتمانیی "ئەی شەهیدان" و "شەهید بەو زامەی درا لە جەرگت" پێشکەش کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، "کەریم جاف" وتارێکی لەسەر ڕۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگە پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە بوون و جووڵەی هێزی پێشمەرگە دەترسێت؛ ئەو جەختی کردەوە کە ترس و نیگەرانییەکانی ڕێژیم لە هێزی پێشمەرگە، زۆر زیاترە لە ترسەکەی لە فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

خۆپێشاندانەکە بە وتنەوەی کۆمەڵێک دروشم بە زمانەکانی کوردی و سویدی دژی سیاسەتە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ هات.