ڕۆژی شەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ لە شاری ئۆسڵۆ، خۆپێشاندانێکی بەرین بۆ مەحکوومکردنی سێدارە، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێ کرد و پاشان پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا دۆخی ئێران و کوردستان بە قەیراناوی وەسف کرا و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا بەرامبەر بە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەییەکان بێتە دەنگ.
لە درێژەی بەرنامەکاندا، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران، پارتی گەلی بەلووچستان، یەکیەتیی بەلووچەکانی نۆروێژ و کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان (پێکهاتوو لە ١٠ حیزب) پەیامیان پێشکەش کرد.
هەموو لایەنەکان هێرشی سەر بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەیان بە توندی مەحکووم کرد و داوایان لە دەوڵەتی نۆروێژ کرد سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانەی تاران دابنێت.
کۆتایی چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم و سروودی نیشتمانی بۆ پشتیوانی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
