بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی مافی مرۆڤ، لەوانە "میدیا لاین"، کەشی ئەمنییەتی لە ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا لەگەڵ زیادبوونی دەستبەسەرکردنەکان، سزاکانی لەسێدارەدان و گوشار بۆ سەر نەیاران هاوکات بووە.
ئەم ڕاپۆرتانە باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و مامەڵەی خراپ لە گرتووخانەکان و زیندانەکانی ئێران دەکەن، بەتایبەت دژی ئەو ژنانەی دەستبەسەر کراون.
لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، ژنێکی گەنج ئیدیعای کردووە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی جەستەیی بووەتەوە.
هاوکات، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەکان، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان، پچڕانی ئینتێرنێت و زیادبوونی گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سێ زیندانیی سیاسیی ژن، لەوانە "پەخشان عەزیزی"، "وریشە مرادی" و "شەریفە محەممەدی"، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانەکانیان، لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەدان. هەروەها هاتووە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان زیادی کردووە.
ئەم ڕاپۆرتانە هەروەها باری تەندروستیی نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بە نیگەرانکەر وەسف کردووە و دەڵێن لە زینداندا ڕووبەڕووی کێشەی جیددیی پزیشکی بووەتەوە و لە دەستڕاگەیشتنی پێویست بە چارەسەر بێبەش کراوە.
بە وتەی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ، ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری چڕبوونەوەی سەرکوتی ڕێکخراو و فراوانبوونی کەشی ئەمنییەتیی لە ئێراندایە.