کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیوانی باڵای ڕێژیم سزای سێدارەی ناسر بەکرزادەی پشتڕاست کردەوە

13:52 - 6 بانەمەڕ 2726

مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە ئارادایە و حوکمەکەی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران لە پرۆسەیەکی نائاسایی و خێرادا، سزای لەسێدارەدانی "ناسر بەکرزادە"، هاونیشتمانیی خەڵکی ورمێی بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کردەوە.

ئەم بڕیارە تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای ناردنی دۆسییەکە بۆ دیوانی ڕێژیم دەرچووە، لە کاتێکدا پێشتر دوو جار بەهۆی کەموکوڕی لە بەڵگەکاندا هەڵوەشابووەوە.

ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕ، ناسر بەکرزادە بانگی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە و لەوێ وێڕای ڕاگەیاندنی حوکمەکە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە سووکایەتیی پێ کراوە و بە توندی لێی دراوە.

سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرانی ناوبراو، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ سەرەڕای تێبینییە یاسایییەکانی لقی ٣٩ی دیوان، بێ گوێدان بە بەڵگە یاسایییەکان، بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.

ئەم گەنجە تەمەن ٢٦ ساڵە لە ساڵی ١٤٠٢وە دەستبەسەرە و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و ٢ جار لەلایەن لقی دوو و سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرەڕای تێبینییە یاسایییەکانی پارێزەرانی دۆسیەکە و نەبوونی بەڵگەی پێویست، دادگای ڕێژیم لە ورمێ و دیوانی باڵا پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سزایە.