کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان لە سویس بەڕێوە چوو

10:43 - 7 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی یکەشەممە ٦ی بانەمەڕ، لەسەر بانگهێشتی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدانی باشووری کوردستان لە شاری زوریخی سویس بەڕێوە چوو.

 لەم ڕێوڕەسمەدا، ئەندامانی حیزبەکانی نێو هاوپەیمانی و میوانان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدار بوون، کە ئامادەبوونیان جەختکردنەوەیەکی دووبارە بوو لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی و هاوبەشیی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا.

سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان، بەشداربووان بە دانانی چەپکەگوڵ لەسەر وێنەی شەهیدان، وەفاداریی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی ئەوان دەربڕی.

 لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک ئیدریس مورادی‌ خوێندرایەوە.

بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بڕگەی هونەری و ئەدەبی؛ گرووپی مۆسیقا بە سروودە نەتەوەییەکان کەشێکی حەماسییان بەخشیە هۆڵەکە و چەندین پارچە شیعریش پێشکەش کران کە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی هاوپەیمانیی نێوان حیزبەکان وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتدا، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکات.