کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردنی ٣ کەس لە شنۆ و پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم

11:28 - 7 بانەمەڕ 2726

لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، سێ کەس لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "واحید بروومەند" و "عزەدین پەس‌وپیش" لە پیرانشار و دەستبەسەریان کردوون.

واحید بروومەند، کە باوکی دوو منداڵە، لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە هێزەکان کەشێکی ترس و تۆقاندنیان دروست کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی بنەماڵەکەشیدا گرتووە.

هاوکات، هەنگاو باس لە دەستبەسەرکرانی "سەید ئەنوەر عەلەوی" لە شاری شنۆ دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی هاوشێوە ڕفێندراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

ئەم دۆخە نیگەرانیی جیددیی لەسەر سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی دەستبەسەرکراوان کە بێبەشن لە مافە سەرەتاییە یاساییەکانیان، دروست کردووە.