کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی

10:23 - 10 بانەمەڕ 2726

مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانانی بەندیخانەی ورمێ کە سووکایەتیی بە بنەماڵەی بەندکراوان کردبوو، گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان"، ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥، دوای سێ مانگ قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن، بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ ڕێگەیان پێدرا بنەماڵەکانیان ببینن. لە کاتی پشکنیندا، یەکێک لە سەربازانی ساڵۆنی چاوپێکەوتن بە ناوی "ئەمیرڕەزا غەزنەوی" بێڕێزیی بە بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان کردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی مێحرابی لێکەوتووەتەوە.

دوابەدوای ئەوە، بە دەستووری "پەیمان خانزادە"، سەرۆکی بەندیخانە، مێحراب عەبدوڵڵازادە بە کەلەپچە و کۆت‌ و زنجیرەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

مێحراب عەبدوڵڵازادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ و لە کاتی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوو بۆ ئەوەی دان بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیجدا بنێت.

ناوبراو لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردندا ئەم تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی لە ڤیدیۆکانی ڕووداوەکەدا هیچ شوێنەوارێکی مێحراب دیار نییە، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند و دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ئەو سزایە پشتڕاست کرایەوە.