ڕۆژی سێشەممە ٢٨ ئاپریلی ٢٠٢٦ لە یەكێک لە هۆڵەكانی پارلەمانی بریتانیا پانێلێک لەژێر ناوی كورد لە گۆڕەپانی ئێراندا كە بە سەرپەرەستی لوک ئاكێهێڕس ئەندام پارلەمان و بەرپرسی گرووپی هەموو پارلەمانتاران بۆ كوردستانی ئێران و بەشداریی نوێنەری حیزب لە بریتانیا بەڕێز ڕزگار ئالانی و چەندین لێکۆڵەر و توێژەری سیاسیی بەڕێوە چوو. نوێنەری حیزب لەو پانێلەدا باسێكی لەسەر دوو بۆ سێ دەیە خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتی ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی كرد ،نوێنەری حیزب لە باسەكەی دا ئاماژەی بە دوایین شۆڕشی گەڵانی ئێران كرد و و هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە گۆڕان لە ناو سیستمی ئێستای ڕێژیمی ئێران هیچ مەعنایەكی نییە، مەگەر گۆڕانی ڕێژیم لە ئێراندا كە زۆربەی خەڵكی ئێران خوازیاری گۆڕانی ڕێژیمن.
هەروەها باسێكی گشتی لەسەر هاوپەیمانیی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەم كاتەدا و دەنگدانەوەی ئەو هاوپەیمانییە لە كۆمەڵگای نێونەتەوەییدا كرا. نوێنەری حیزب هەروەها باسی مووشەكبارانی ڕێژیمی ئێران بەسەر كەمپە مەدەنییەکانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لە باشوور كرد و هەروەها ئاماری ئەو مووشەكبارانەی پێشكەشی بەشداربووانی كرد. نوێنەری حیزب لە كۆتایی قسەكانیدا داوای لە حكوومەتی بریتانیا كرد كە سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی سازمانە تێرۆریستەكانەوە.
باسەکانی پانێلەکان ی دیکە هەوڵی کوردەکان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان لە کۆماری کوردستانەوە تاکوو ئەم سەردەمەی لەخۆ گرت.
دوایین بەشی ئەو سمێنارە تەرخان کرابوو بە پرسیاری بەشداربووان كە لەلایەن نوێنەری حیزبەوە وڵام دراوە.
