سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی "هێمن حوسێنی"، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، ناوبراو هێشتا بە ناڕەوا لە گرتووخانەدا ماوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، هێمن حوسێنی لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم هاونیشتمانییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
کوردپا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاند کە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی کوڕەکەیان بێئاکام بووە.
هێمن حوسێنی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاونیشتمانییە لەبەر دەستدا نییە.