کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران-سوید لەگەڵ "تۆڕی سویدی- کوردی"

13:13 - 10 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی مانگی ئاپریلی ٢٠٢٦، وەفدێکی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە سوید کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و گرنگیان لەگەڵ نوێنەرانی "تۆڕی کوردی لە پارلەمان" (Svensk-Kurdiska nätverket i riksdagen) ئەنجام دا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ناوەندی هاوپەیمانی بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی ئورووپا لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وەک پڕۆژەی سیاسی و یەکگرتوویی نەتەوەیی، وەفدی ناوەندی هاوپەیمانی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ناوەندە وەک هاوپەیمانییەکی ستراتێژی، نوێنەرایەتیی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەکات. ئاماژەش بەوە درا کە کورد فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری و دێموکراسی لە ناوچەکەدا و پڕۆژەی سیاسیی ئێمە لەسەر بنەمای پلوڕالیزم، جیایی دین لە دەوڵەت، مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکان و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە.

هەروەها جەخت کرایەوە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕەگی لە ناو خەباتی گەل و نەتەوەی کورددا هەیە و خاڵی هاوبەشی هەموو ئازادیخوازانە لە ئێران.

لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردی تیشک خرایە سەر ئەو مەترسییانەی کە لە پەراوێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا دروست بوون.  ئەو تێبینییەی کورد بۆ پەرلەمانتاران ڕوون کرایەوە کە لە کاتێکدا جیهان باس لە ئاگربەس و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات، ڕێژیم ئەم هەلەی قۆستووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر بنکەکانی هێزە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە نیشتەجێبووەکان. ئەمە وەک "پارادۆکسێکی مەترسیدار" وەسف کرا کە تێیدا بێدەنگیی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی زیادبوونی دەستدرێژییەکانی تاران.

 

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە دەوری سەرکوتکاری حکوومەتی ئێران لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کرا، کە بە کاری تێکدەرانە ئامانجیان شێواندنی ئەزموونە بەنرخەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پێشکەش کرا، کە تێیدا ئاماژە بەم خاڵانە درا:

ـ بە ئامانجگرتنی خەڵکی سێڤیل: هێرشەکان تەنها بنکە سیاسییەکان ناگرنەوە، بەڵکوو ژیان و ئاسایش و ئارامیی بنەماڵەکان و منداڵانی کوردیان خستووەتە مەترسییەوە.

ـ هێزی پێشمەرگە: باس لە بارودۆخی پێشمەرگە و شەهیدانی ئەم دواییانە بە هۆی هێرشە درۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەسپەردەکردنی ئەو هاوڕێیانە لە هەلومەرجێکی دژواردا کرا.

ـ  سەرکوتی ناوخۆیی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی چالاکوانانی کورد و بەردەوامیی گرتن و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا.

ـ گەمارۆی دیجیتاڵی: داخستنی ئینتێرنێت بۆ پتر لە ٥٠ ڕۆژ لە ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە گەیشتنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بە جیهان.

هەروەها، پارلەمانتارانی سوید نیگەرانیی خۆیان لە مەیلی شۆڤینیستی-فاشیستی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەربڕی. وەفدی هاوپەیمانی جەختیان کردە سەر ئەوەی کە کێشەی کورد بە بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتێکی ناوەندگەرا کە مەیلی سیاسی بۆ پاکتاوکردنی نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئێران، لەوانە کورد، بەلووچ، عەرەب و ئازەری هەیە، چارەسەر نابێت.

نوێنەرانی پارلەمان سەبارەت بە هاوکاری و هاودەنگیی نێوان نوێنەرانی نەتەوەکانی نێو ئێران پرسیاریان کرد و وەفدی هاوپەیمانی بە وردی وڵامیان دایەوە.

لە درێژەدا نوێنەرانی هاوپەیمانی بە فەرمی داوایان لە پارلەمانتارانی سوید کرد کە لە ڕێگەی حکوومەتی سوید و یەکیەتیی ئورووپاوە ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر:

ـ  گفتوگۆکردن لەسەر مێکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی.

 

ـ هەڵوێست گرتنی فەرمی بەرانبەر بە هێرشەکان و ناچارکردنی ئێران بۆ ڕاگرتنی تیرۆری دەوڵەتی

ـ  پشتیوانی مرۆیی: دابینکردنی هاوکاریی تەندروستی و مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی پەرلەمانی سوید وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد، بەڵێنیان دا کە ئەم پرسە لە لێژنەکانی دەرەوەی پارلەمان و لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەی سویدا بەلێبڕاوی بخرێتە بەر باس.

کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ و هاواهەنگی نێوان ناوەندی هاوپەیمانی و پارلەمانی سوید و ناوەندە ئورووپاییەکان کۆتایی هات.

جێی ئاماژەیە کە لایەنە سویدیەکانی بەشدار بوو برییتی بوون لە: Serkan Köse، Leif Nysmed, Kadir Kasirga، Denis Begic لە حیزبی سۆسیال دێموکراتەکان. هەروەها   Fredrik Malm لە حیزبی لیبڕاڵەکان.