بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕ، "ساسان ئازادوار جونقانی"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە زیندانی "دەستگێرد"ی ئێسفەهان لە سێدارە درا.
ساسان ئازادوار جونقانی، وەرزشکاری تەمەن ٢١ ساڵ، پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و حوکمەکەی دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
ساسان ئازادوار لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئێسفەهان دەسبەسەر کرابوو.
دادگا جگە لە سزای سێدارە، ناوبراوی بە تۆمەتگەلی وەک "پوڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتار" و "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە چەندین ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران دوای دەستپێکردنی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.