کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو زیندانیی سیاسی دیکەدا جێبەجێ کرد و بەمەش ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەم کەیسە گەیشتە شەش کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی نێوخۆی ئێران، "ئەبولحەسەن مونتەزەر" و "وەحید بەنیعامریان"، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکانیان لەلایەن دیوانی باڵاوە، لە سێدارە دراون.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە پێشتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" سزای کۆتایییان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دوو زیندانییە لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی "ئەکبەر دانشوەرکار"، "محەممەد تەقەوی سەنگدەهی"، "بابەک عەلیپوور" و "پوویا قوبادی بوستانی" لە کەیسێکی هاوبەشدا بوون. جێگای ئاماژەیە کە سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسەی دیکەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێبەجێ کرابوو.
دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی ئەم شەش هاووڵاتییەی بۆ "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی "موجاهیدین خەلق" و هێرشکردنە سەر ناوەندە هەستیارەکان و شوێنە گشتییەکان بە بەکارهێنانی چەکی گەرم گەڕاندووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە مافە مروییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم زیندانیانە لە کاتی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەریدا لەژێر توندترین گوشاری دەروونی و جەستەییدا بوون. باس لەوە دەکرێت بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی وەک: "لێدان، شۆکی کارەبایی، قامچی و هەڕەشەی ئازاردانی بنەماڵەکانیان" بوونەتەوە.