ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، شەهێن زادئەحمەد، نوێنەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، لەگەڵ "ئیلۆنا سۆری"، بەرپرسی کارە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە، کۆ بووەوە.
لەو دیدارەدا کە بە شێوازی ئانلاین بەڕێوە چوو و زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، باس و گفتوگۆیەکی تێروتەسەل سەبارەت بە دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و نەتەوەکان کرا.
تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە، تەرخان کرابوو بۆ باسی ژیانی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. لەم پێوەندییەدا، بارودۆخی ئەمنییەتیی بنەماڵەکان لەژێر هێرشە بەردەوامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سپای پاسداران و هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپەکان بەوردی قسەی لەسەر کرا و کۆی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم هێرشانە هەڵسەنگێندران.
لەکۆتاییدا، "ئیلۆنا سۆری" وێڕای پێشوازیی گەرم لە بابەتە پێشنیارکراوەکان، داوای کرد کە بۆ بەردەوامیی پەیوەندییەکان و تاوتوێکردنی وردتری بابەتەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا دیدارێک لە نووسیگەی سەرەکیی حیزبی سۆسیال دێموکراتی فینلاند ئەنجام بدرێت.