لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، دوو کەسی خەڵکی شارەکانی نەغەدە و سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، "مامەند خودادادی" خەڵکی نەغەدە، ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تلفۆنی بێبەش کراوە.
هاوکات، شەوی سێشەممە ٨ی بانەمەڕ، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی "کامران ڕەسووڵنژاد" خەڵکی گوندی "نستان"ی سەردەشت، بەبێ نواندنی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە ڕوون نەکراوەتەوە.