بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕ، سێ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، گواستنەوەی لەناکاوی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "ناسر بەکرزادە" و "مێحراب عەبدوڵڵازادە" هەر دوو خەڵکی ورمێ، نیگەرانییەکان و مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانیانی زیاتر کردووە.
هەنگاو زیادی کرد کە هاوکات بەندکراوێکی سیاسیی تورک بە ناوی "یەعقووب کەریمپوور" خەڵکی میاندواو و پەیڕەوی ئایینی یارسان وێڕای ئەو دوو چالاکە سیاسییە کوردە لە زیندان گواستراوەتەوە.
ئەم سێ بەندکراوە بە بیانووی جۆراوجۆری وەک ناردن بۆ پزیشکی دادوەری یان بانگکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان، لە بەندەکانیان بردراونەتە دەرەوە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و مێحراب عەبدوڵڵازادە بە تۆمەتی "بەغی" سزای مەرگیان بەسەردا سەپاوە.
ڕاپۆرتەکان جەخت دەکەنەوە کە سزاکانیان لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و لەژێر ئەشکەنجەی تونددا دەرچووە.
هەنگاو هۆشداری داوە کە گواستنەوەی ئەم کەسانە بە ماشینی نائاسایی، نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری لەسێدارەدانیان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا. ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە سزاکانیان پشتڕاست کرابووەوە.