کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنانی کورد لە هاوپێوەندیی نەتەوەیی کورد زراویان چووە!

11:48 - 16 بانەمەڕ 2726

عومەر باڵەکی

لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشبوونی خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت و سێ نەتەوە، بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا بێپسانەوە درێژەی هەبووە و خوێن و قوربانیی زۆری لەو ڕێگەیەدا داوە و کاولکاری و کارەساتی زۆری بەسەر هاتووە، بەڵام ڕەوڕەوەی ئەو جووڵانەوە مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕەوتی خۆی نەکەوتووە. لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا چەندین جووڵانەوەی گەورە و بچووک سەریان هەڵداوە و زۆر جاران هەتا ترۆپکی سەرکەوتن ڕۆیشتوون، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر، بەتایبەتی گەلەکۆمەکیی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا تێکشکاون؛ بەڵام ڕووحی مافخوازانەی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی لە لێدان نەکەوتووە و جارێکی دیکە و لە شوێنێکی دیکەی کوردستان جووڵانەوە سەری هەڵداوەتەوە. بە درێژایی ئەو سەد ساڵە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بێجگە لە بەکارهێنانی سوپای پڕچەک بۆ سەرکوتی جووڵانەوەکان، بیریان لەوە کردووەتەوە کە بە زاڵکردنی کولتوور و زمانی خۆیان لە هەر پارچەیەک لە کوردستان، وا لە تاکی کورد بکەن کە ببێتە هۆگری ئەو وڵاتە. لێرەدایە ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان بە تاک و کۆ وریا نەبێت، درێژەی ئەو سیاستە دەبێتە هۆی لێکدابڕانی زیاتری نەتەوەی کورد لە یەکتر و دەستی دوژمنانی خاک و نەتەوە زیاتر ئاوەڵا دەکات بۆ داگیرکاریی زیاتر.

ئەگەر سەرنج بدەینە سەر مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد، دەبینین ئەو کاتانەی لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان، کارەساتێکی ناخهەژێن ڕووی دابێت یا سەرکەوتنێک هاتبێتە ئاراوە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەلی کورد هەم سەبارەت بە کارەساتە ناخهەژێنەکانی وەک کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، ئەنفال و کۆڕەوە ملیۆنییەکەی باشوور و ... بۆ پشتیوانی و هاوخەمی، هەڵوێستی هەبووە و هەوڵی داوە بە یەکەوە کۆڵی خەمی کارەساتەکان هەڵبگرن و لە نێو خۆیدا خەم و نەهامەتییەکان بەش بکات و ئیزن نەدات دوژمنان بە گەلی کورد خۆش بن، یا ئەو کاتانەی لە پارچەیەک لە کوردستان سەرکەوتنی گەورە بە دەست هاتووە، دیسان گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە شادیی ئەو سەرکەوتنەدا بەشدار بوون و بە سەرکەوتنی خۆیان زانیوە. بەڵام دوژمنانی نەتەوەی کورد بەئاگا بوون لەو هاوپێوەندییە نەتەوەییە، هەموو کات لە هەوڵی پیلانگێڕان و تێکدانی بوون. لە ئاگاداری و کردار و گوتاری دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، ئەوە بە ڕوونی خۆی سەلماندووە کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی نەدیتراو و نەبیستراو لە نێوان هەستی شوناسخوازیی نەتەوەیی کورد لە لایەک و دوژمنایەتیی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بۆ لەنێوبردنی ئەو هەستە شوناسخوازییە لە ئارادایە.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش یەکێک لەو پارچانەی کوردستانە کە جووڵانەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی کوردی تێدا بەردەوام بووە؛ لە شۆڕشی سمکۆوە دەست پێدەکات هەتا دامەزرانی کۆماری کوردستان و بەربەرەکانێ لەگەڵ حکومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەگەڵ هەموو دوژمنکارییەکانی ئەو دوو ڕێژیمە دەرحەق بە گەلی کورد و بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەو گەلە، خەبات بەپێی هەلومەرج و قۆناغە مێژووییەکان بەردەوام بووە. خەباتکارانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا هەوڵیان داوە خۆیان لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی جیهانی و ناوچەیی بگونجێنن، بەڵام قەت نەبوون بە بەشێک لە پاراستنی بەرژەوەندیی لایەنێک بە دژی لایەنێکی دیکە، چونکە ناخ و نێوەرۆکی جووڵانەوەی گەلی کورد وەدەستهێنانەوەی مافەکانییەتی، نەک پاراستنی بەرژەوەندیی لایەنێکی دەرەکی. هەر ئەو بڕوا و تێڕوانینە دروستە وای کردووە، سەرەڕای سەرکوتی بێبەزەییانەی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، جووڵانەوەی شوناسخوازیی نەتەوەیی لە کوردستان لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا هەروا بە گوڕوتین بەردەوام بێت.

لە بارودۆخی ئێستادا کە ناوچەکە لەگەڵ کۆمەڵێک تەنگژە و شەڕ و تێکهەڵچوونی لایەنە جۆراوجۆرەکان ڕووبەڕووە و ڕوون نییە چارەنووسی گەلێک پرس بەرەو کوێ دەچن. ئایا ئێران و ئەمریکا ڕێک دەکەون؟ لەسەر چی ڕێک دەکەون و کام لا سەرکەوتووی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەر و کاولکارییەیە؟ ئایا ئەو شەڕە دەبێتە هۆکاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟ یا کۆماری ئیسلامی تەسلیمی ویستەکانی ئەمریکا دەبێت و بۆ ماوەیەکی دیکە درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات؟ لەو کاتەدا ئێرانی دوای شەڕ بەو هەموو کاولکاری و ئابووریی داڕماو و ساڕێژنەبوونەوەی برینی کوشتاری خەڵکی ناڕازی لە حکومەتی ئێران لە شۆڕشی ژینا و خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری پارساڵدا، بەرەو کوێ دەچێت؟ بە دەیان پرسیاری دیکە کە ناوچەکە و گەلانی نیشتەجێ لەو ناوچەیە لەگەڵی ڕووبەڕوون و نەتەوەی کوردیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدەر نییە لە ئاکامی ئەو شەڕ و ململانێ نێودەوڵەتییانە، واتە لێکەوتەکانی ئەو شەڕە چ بە ئاشتی و چ بە درێژەی شەڕ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پرسی کورد بەگشتی. هەر بۆیە لە ئێستادا و لەو قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، ئەرکە لەسەر شانی هەموو حیزبە کوردستانییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکبەتاکی کورد، بە هەر فکر و ئایدۆلۆژیایەک بن، لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن و ئیزن نەدەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا کاریگەرییان هەبێت لەسەر هاوپەیوەندیی نەتەوەیی و دروشمی ئەسڵی و سەرەکی کە کوردستان یەک وڵاتە و کورد یەک نەتەوەیە. هەر تاکێکی کورد و هەر نیشتمانپەروەرێک دەبێ هەست بەو بابەتە هەستیارە بکات کە هەر گۆڕانکارییەک لە هەر پارچەیەک لە کوردستان ڕوو بدات، ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان.

بەداخەوە لە مێژووی گەلی کورد کەم نین ئەو ڕووداوانەی بە هۆی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشە و ململانێی نێو ماڵی کورد و زۆر جاران زیانی قەرەبوونەکراوەیان لێ کەوتووەتەوە، کە دیارە لە سەردەمی ئێستادا بە هۆی بوونی پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیگرتن، ئاسەواری ئەو دەستتێوەردانانەی دوژمنانی سوێندخواردووی کورد زۆر زووتر خۆی ئاشکرا دەکات و لە نێو کۆمەڵگەدا دەتەقێتەوە؛ کە ئەگەر بە وریایی لەگەڵ ئەو بابەتانە هەڵسوکەوت نەکرێت، ڕەنگە زیانی گەورە لە جەستەی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد بەگشتی بدات.

بەداخەوە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک باس و بابەت و کردار ئەو ڕۆژانە دەرحەق بە خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دنیای ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی کوردی دا دەکرێن و دەگوترێن کە هەڵگری پەیامێکی مەترسیدارن کە ئاوەکەی دەچێتە ئاشی دوژمنانەوە. چونکە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە تەواوی گڵۆڵەی کەوتووەتە لێژی، هەموو ڕێکارێک دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی کەلێن بخاتە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان و تاکبەتاکی گەلی کورد و پێش بە یەکگرتوویی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بگرێت. ئەو بابەتە پێویستی بە سەلماندن نییە؛ چونکە هەر کاتێک کە کورد ئیرادەی کردووە لە پشتی یەکتر بێت، خێرا ئەو دەوڵەتانەش هەموو بەرژەوەندی و ململانێیەکانی خۆیان وەلاناوە و بە دژی کورد و خەباتە ڕەواکەی یەکیان گرتووە؛ و هەر کاتێک کورد خۆی لە نێو ماڵی خۆیدا کەوتووەتە ململانێ و ناتەبایی لەگەڵ یەکتر، ئەو دەوڵەتانە هەوڵیان داوە کورد بە دژی یەکتر هان بدەن و بۆ مەبەستی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک لەو ناکۆکییانە وەرگرن. بەڵام مێژوو ئەوەی سەلماندووە، سەرەڕای ئەو هەموو پیلانگێڕی و کوشتوبڕ و سەرکوت و کاولکارییە بە دەستی دوژمنان، لە کوردستان ئەوەی لەسەر خاکی کوردستان ماوەتەوە و دەمێنێتەوە گەلی کوردە، و ئەوەی بەرەو ڕووخان و نەمان دەچێت، حکومەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستانن. لە قۆناغی ئێستای خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد دا کە ناوچەکە بەرەو ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی دەچێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارێکدا بەرەو داڕمان و لەنێوچوون دەچێت، ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە پشتگیریی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی هەیە بۆ ئەوەی ئەو پارچە لە کوردستان، لە لایەک لە مەودای خەباتێکی بێوەچان و پڕ لە خوێن و قوربانی و کاولکاریی سەد ساڵەدا سەرکەوێت و بە ئازادی پشوویەک بدات، و لە لایەکی دیکەوە، گەیشتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافە نەتەوایەتییەکانی دەتوانێت ببێتە کلیلی سەرکەوتن و گەشەکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان.