کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ پێش پەتی سێدارە لە بەندیخانەی ورمێ

08:43 - 17 بانەمەڕ 2726

سێ زیندانیی سیاسی و مەدەنی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران، لە پەیامگەلێکی کورتدا پێش مەرگیان، پەردەیان لەسەر ئەشکەنجەی توند و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لادا.

بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان"، یەعقووب کەریم‌پوور و ناسر بەکرزادە ڕۆژی شەممە و میحراب عەبدوڵڵازادە ڕۆژی یەکشەممە لە سێدارە دراون، لە کاتێکدا کە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێ زەوت کرابوو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای کردووە کە یەعقووب کەریم‌پوور، کە بە سیخوڕی تۆمەتبار کرابوو، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی کە دوای هەڕەشەکردن لە هاوسەرەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، ناچار کراوە درۆ بکات و ئەو شتانە بنووسێت کە پێی وتراوە.

هەروەها ناسر بەکرزادە ئاماژەی بە چەندین مانگ زیندانی تاکەکەسی و "ئەشکەنجەی توندی دەروونی" کردووە، میحراب عەبدوڵڵازادەش کە بە کوشتنی کەسێک لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١دا تۆمەتبار کرابوو، هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تەنیا بۆ قوربانیکردن ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە.

ئەم سێ زیندانییە لە پەیامەکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دادگاییکردنەکەیان تەنیا چەند خولەکێکی خایاندووە و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوون.

جێبەجێکردنی ئەم سێدارەدانانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە وەک بەڵگەی سەرەکی بۆ دەرکردنی سزای مەرگ بەکار دەهێنێت.