ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی گوشارەکانیان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی میراوێ، سەقز و بۆکانیان دەستبەسەر کردووە و بە ناڕوونی لە گرتووخانەکاندا ڕاگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، چارەنووسی "عەلی بوژنە"، هاووڵاتیی تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "ساوانی تازە"ی میراوێ کە لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا دەستبەسەر کراوە، هێشتا نادیارە.
هاوکات "حامید دلاوەری" خەڵکی سەقز کە زیاتر لە ٣ مانگە گیراوە، بە فەرمانی بەرپرسانی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە سەقزەوە بۆ بەندیخانەی قوروە دوور خراوەتەوە.
هەروەها "پێشەوا ئاقاپووری" تەمەن ٢٢ ساڵە و خەڵکی بۆکان کە لە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات ڕاگوێزراوە.
گواستنەوەی دووبارەی ناوبراو بۆ ناوەندێکی ئەمنییەتی دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کردنەوەی دۆسییەیەکی نوێ و ئەگەری ئەشکەنجەدانی زیاد کردووە.
هەنگاو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هاووڵاتییانە لە سەرەتاییترین مافە یاسایییەکانی خۆیان وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.