ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ، سێمینارێکی گرنگ لەژێر ناوی "مەرجەکانی بونیادنانی کۆمارێکی دێموکراتیک لە ئێرانی داهاتوودا"، لە هۆڵی ڤیکتۆر هوگۆی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرانسە بەڕێوەچوو.''
سێمینارەکە لەلایەن "کۆمیتەی پارلەمانتاران بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک" ڕێک خرابوو و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پارلەمانتاران، سێناتۆرەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران بەشدار بوون.
لە پانێڵەکاندا، کانی جەهانگیری، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو تیشکی خستە سەر دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماژەی بە مێژووی چەوسانەوەی گەلی کورد لە هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا کرد.
جەهانگیری بە توندی سەرکۆنەی هێرشە دڕۆنی و موشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە ئاست ئەم تاوانانە بێدەنگ نەبن. هەروەها جەختی کردەوە کە "گەلانی ئێران قوربانیی یەکەمی ئەم ڕێژیمەن، بەڵام هاوکات خۆشیان جێگرەوە و ئاڵتەرناتیڤی ڕاستەقینەی دەسەڵاتن".
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، دۆکۆمێنتارییەک لەسەر لەسێدارەدانەکان و شەهیدانی حیزبەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان و موجاهیدینی خەلق نمایش کرا.
پانێڵیستە فەڕانسییەکان، لەوانە کریستین ئاریگی و ژیلبێر میتران، جەختیان لە پێویستیی دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکرات، فیدراڵ و لائیک کردەوە کە مافی هەموو نەتەوەکانی تێدا پارێزراو بێت. لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزب لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی فەرانسە لەبارەی دۆخی پەنابەرانی کورد و کەمپەکان گفتوگۆی کرد.
