کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورمێ؛ لەسێدارەدانی نهێنی و بێسەروشوێنکردنی تەرمی دوو زیندانیی سیاسیی کورد

10:17 - 20 بانەمەڕ 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر لەسێدارەدانی نهێنی و نادادپەروەرانەی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "ناسر بەکرزادە" و "مێحراب عەبدوڵڵازادە"، دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا تەرمی ئەم دوو لاوەیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە و بێسەروشوێنیان کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ، سەرەڕای بێسەروشوێنکردنی تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە، ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە پرسە و سەرەخۆشییەک بۆ ئەم دوو کەسە کردووە.

کوردپا ئاماژەی بەوە کرد کە بنەماڵەکانیان ناچار کراون ڕێوڕەسمی پرسەکە لە گوندەکانی زێدی خۆیان بەڕێوە ببەن.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بە بنەماڵەی ناسر بەکرزادەیان ڕاگەیاندووە: "کوڕەکەمان لە سێدارە داون و تەرمەکەمان فڕێ داوە، بڕۆن خۆتان بیدۆزنەوە". هەروەها بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بە ڕاشکاوی وتوویانە هیچ تەرمێک ڕادەست ناکرێتەوە.

ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی" و مێحراب عەبدوڵڵازادە بە تۆمەتی بەشداری لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سێدارە دران.

کوردپا جەختی کردووەتەوە کە ئەم حوکمانە تەنیا لەسەر بنەمای "دانپێدانانی زۆرەملێ" لەژێر ئەشکەنجەدا و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و سەلمێنراو دەرکراون.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو لاوە لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن، لە شوێنێکی نادیار جێبەجێ کراوە.