کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خوێندکارێکی بلیمەتی بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دا

09:09 - 21 بانەمەڕ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی "عیرفان شەکوورزادە"، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێ کراوە.

ئەم ناوەندە ڕایگەیاند کە شەکوورزادە لە ڕێکخراوێکی زانستیی بواری ماهوارە چالاک بووە و زانیاریی نهێنیی ڕادەستی لایەنی بیانی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، ئەم لاوە لە سێ قۆناغدا پەیوەندیی بە "مووساد" و "سی ئای ئەی"وە کردووە، بەڵام ئەم ئیدیعایانە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە و هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراویش لەمبارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندبوو کە عیرفان شەکوورزادە، تەمەن ٢٩ ساڵ، خوێندکارێکی بلیمەتی زانکۆی "عیلم و سەنعەت"ی تاران بووە.

ناوبراو دوای چەندین مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی و وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لەژێر ئەشکەنجەدا، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، لانیکەم ٣١ کەسی بە پاساوی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ یان ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ و هەروەها ئەندامەتی لە حیزب و ڕێکخراوە نەیارەکان یان بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ دوژمن"، لە سێدارە داوە.