دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکاندا، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی سێدارەی "عەبدولجەلیل شەبەخش"ی جێبەجێ کرد.
ناوەندەکانی ڕێژیم بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ، تۆمەتی "بەغی" و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی "ئەنسارولفەرقان"یان داوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە بەلووچە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، تۆمەتی ناوبراو "بەغی" بووە و بەهۆی هێرش بۆ سەر بنکە ئینتزامییەکان و ئەندامییەتی لەو ڕێکخراوەیەدا، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە حوکمی سێدارەی بۆ دەرچووە.
دەزگای دادوەریی ڕێژیم ئیدیعا دەکات کە حوکمەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی نێو ئامێرە پەیوەندییەکان و دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکە دەرکراوە و لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وردەکارییەکانی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەری سەربەخۆ و چۆنیەتیی وەرگرتنی دانپێدانانەکان لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ زۆرجار هۆشداری دەدەن کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێوە حوکمی سێدارە بەسەر چالاکانی مەدەنی و سیاسیی نەتەوە ژێردەستەکاندا دەسەپێنێت.