کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەندکراوی سیاسی بە نهێنی لە سێدارە دران

10:01 - 12 بانەمەڕ 2726

سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" مەحکووم کرابوون، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پشتڕاستی کردەوە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی بانەمەڕ، دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "ناسر بەکرزادە" و "یەعقووب کەریم‌پوور" دوای تێپەڕاندنی دوو ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی، لە سێدارە دراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر هۆشداریی لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان درابوو.

ناسر بەکرزادە، لاوی کوردی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی ورمێ، لە پرۆسەیەکی خێرای دادوەریدا سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمیەوە پشتڕاست کرابووەوە.

یەعقووب کەریم‌پوور، دەرچووی بەشی یاسا و هاووڵاتیی تورکی یارسان و خەڵکی میاندواو، لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل دەسبەسەر کرابوو.

هەردوو بەندکراوەکە لە کاتی دەسبەسەرکراندا لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بوون بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و تەنانەت بۆ گوشارخستنە سەر یەعقووب کەریم‌پوور، هاوژینەکەشی دەسبەسەر کرابوو.

ئەم سزایە لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ جەختیان لە ناڕوونیی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان دەکردەوە.