گوشارە ئەمنییەتییەکان لە پارێزگای ئیلام گەیشتوونەتە لووتکە و لاوێکی خەڵکی سەراوڵە دەسبەسەر و بە "موحاربە" تۆمەتبار کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە هاونیشتمانییەکی خەڵکی دێهلۆران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، "ئەرشیا قەیسەربەیگی"، گەنجی کوردی خەڵکی شاری "سەراوڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی بە شێوازێکی توندوتیژانە، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی وەک "موحاربە" و "افساد فیالارض" کراوەتەوە.
ئەم تۆمەتانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ وەپاڵی دراون. ناوبراو کاتی دەسبەسەرکردنی بە توندی لێی دراوە و شەویلکە، لووت و ددانەکانی شکاون؛ تا ئێستاش لە چارەسەری پزیشکی و مەفی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.
هاوکات شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانییان لەم پارێزگایە بەردەوامە و لە نوێترین حاڵەتدا، لاوێکی کوردی خەڵکی دێهلۆڕان بە ناوی "عەباس مامووسی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە.
کوردپا لەزاری سەرچاوە نێوخۆییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو بەهۆی دەربڕینی خۆشحاڵی لە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.