کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەغەدە؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد

09:16 - 31 بانەمەڕ 2726

دەزگای سەرکوتکەری بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی "ڕامین زلە" و "کەریم مەعرووف‌پوور"ی جێبەجێ کرد.

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕ، هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی چەواشەکارانە لەسێدارەدانی ئەم دوو لاوە کوردەی پشتڕاست کردەوە.

دەزگای داپڵۆسێنەری دادوەریی ڕێژیم، تۆمەتی وەک ڕاپەڕینی چەکداری و هەوڵدان بۆ تێرۆری داوەتە پاڵ ئەم دوو بەندکراوە؛ تۆمەتگەلێک کە تەنیا لە ژێرزەمینە تاریکەکانی ئیتلاعات و لەژێر قورسترین ئەشکەنجەدا بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەی کورد سەرچاوە دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ئەم سزایە لە ناو بەندیخانەی نەغەدەدا بە شێوازێکی تەواو نهێنی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەران و بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.

دادگاییکردنی ڕامین زلە و کەریم مەعرووف‌پوور لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد و لە پشت دەرگا داخراوەکان، بەبێ بوونی پارێزەری سەربەخۆ و بێبەشکردنیان لە کەمترین مافی بەرگری و لە دادگاییکردنێکی چەند خولەکی ئەنجام دراوە.

ڕامین زلە لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ و کەریم مەعرووف‌پوور لە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاشان بە تۆمەتی "بەغی" بە سێدارە مەحکووم کران.