کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی بەندکراوان دژی سزای سێدارە لە ئێران

10:24 - 31 بانەمەڕ 2726

کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕایگەیاند کە بەندکراوانی ناڕازی، بۆ ١٢١ـەمین حەفتە لە ٥٦ گرتووخانەی جیاوازی ئێراندا مانیان لە خواردن گرتووە.

 ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی توندتر کردووە.

ئەو کەمپەینە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە لەسێدارەدانی "عەبدولجەلیل شەبەخش" بەندکراوی سیاسیی بەلووچ، و "محەممەد عەباسی" یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان کردووە و ڕایگەیاندووە: ڕێژیم سزای لەسێدارەدان وەک "ئامرازی سەرکوت و کوشتنی حکوومەتی" بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە بەکار دێنێت.

بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە کە لەسێدارەدانی لاوان لەم دۆخە نالەبارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا ناتوانێت خەڵک بێدەنگ بکات، بەڵکوو تۆوی هۆشیاری و خۆڕاگری بڵاو دەکاتەوە. لە کۆتاییدا داوا لە چالاکوانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە بۆ ڕاگرتنی سێدارەکان لە ئێران یەکگرتوو بن.