
عومەر باڵەکی
٤٧ ساڵە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەربەرەکانی و شەڕێکی نەخوازراو و داسەپاو لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە. ئەو بزووتنەوە لەو ماوە زەمەنییەدا بە قۆناغی جۆراوجۆری دژواردا تێپەڕ بووە و توانیویەتی بەهۆی لەخۆبوردوویی تێکۆشەران و پشتیوانی هەمەلایەنەی گەلی کورد هەتا ئێرە لە مەیدانەکەدا بە بەهێزی بمێنێتەوە. هەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا دژایەتیی حیزبەکان و گەلی کورد دەکات، نیشانەی بەهێزی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ نموونە:
هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تووشی قەیران و شەڕ و ئاژاوەیەک بووە، یەکێک لە ڕێگەچارەکان بۆ ئەوەی قەیرانەکەی پێ داپۆشن، هێرشکردن بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لەو ڕێگایەوە هەوڵیان داوە بیروڕای گشتیی ئێران بۆ لای هەڕەشەی جیاکردنەوەی خاکی ئێران لە لایەن کوردەکانەوە ڕابکێشن؛ و دەبینین بە هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوو بوارەوە هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە و بەردەەم بووە: هەم لە بواری تەبلیغی و ڕاگەیاندنەوە و هەم لە بواری هێرشی نیزامییەوە. لە بواری تەبلیغییەوە تۆمەتبارکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ نەیارەکانی وڵات، و لە بواری نیزامییەوە بۆمبارانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لێ کەوتووەتەوە.
لەگەڵ ئەو هێرش و پەلامارانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دونیای مەجازیشدا بەداخەوە یا لە ڕووی بێئاگایی و نەبوونی زانیاری دروست لەسەر خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، یا لە ڕووی دوژمنکارییەوە هێندێک باس و بابەت دەورووژێندرێن کە لە ئاستی گەورەی خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نین و لە بارودۆخی ئێستادا ئەو جۆرە باس و بابەتانە زیان بە هاوپێوەندی نەتەوەیی دەگەیەنن و دڵی دوژمنانی کورد خۆش دەکەن. لێرەدا هەر تاکێکی دڵسۆزی کورد دەتوانێت ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە بۆچی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کەمپەکانی خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە ئامانجی درۆنی و مووشەکی خۆی؟ ئەگەر کەسێک بیهەوێت بە ویژدانەوە وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرێت، دەبێت هەوڵ بدات بە وردی مێژووی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد و جووڵانەوە مافخوازانەکەی بخوێنێتەوە و شەن و کەوی بکات، ئەوکات بۆی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕواننە دۆزی کورد و خەباتەکەی.
ماوەی زیاتر لە چل ساڵە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەبلیغ بۆ ئەوە دەکەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت کراون و ئیدی جێگای مەترسی نین، و لە لایەکی دیکەوە بە هەموو توانای نیزامی و ئەمنییەتی و دارایی خۆی لە هەوڵی زەبروەشاندن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە بە هەر ڕێگایەکی بۆی بلوێت؛ و لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بێجگە لەوەی شەڕێکی ماڵوێرانکەری بە فتوای ڕێبەری نیزام بەسەر کوردستاندا سەپاندووە، لە هەمان کاتدا دەستی لە تێرۆر و گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی خەباتکارانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نەپاراستووە و هەر کاتێک بە دەرفەتی زانیبێت چ بە فڕۆکەی شەڕکەر و چ بە مووشەک و دڕۆن و یا بە سپای پیادە، سنووری نێودەوڵەتی بەزاندووە و هەموو هەوڵێکی داوە زەبر لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بدات؛ و تەنانەت دوای ڕاپەڕینی ژینا، سەرەڕای مووشەکبارانی قورسی کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، دەسەڵاتدارانی تاران کەوتنە خۆ بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی، بە قسەی خۆیان بۆ پاراستنی سنوورەکانیان لەگەڵ عێراق واژۆ بکەن، لەگەڵ ئەوەی خودی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە نێوەڕۆکی ئەو پەیماننامەی بە تەواوی لەژێر پێ ناوە و قەت پێوەی پابەند نەبووە و ڕۆژانە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ژن و منداڵی بنەماڵەکانی سەر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
نوێترین جووڵەی دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو مانگ لەمەوبەر بە هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە دەستی پێکردووە، بە پاساوی ئەوەی کە بنکە و بارەگای سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەیە، کەمپی ژن و منداڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای دڕۆن و مووشەکەوە ئاگرباران دەکەن؛ لە حاڵێکدا هەموو جیهان و خودی دەسەڵاتدارانی تاران ئەوە باش دەزانن کە کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەت بەشێک نەبوون لەو شەڕە کە خوڵقێنەری شەڕەکە خودی کۆماری ئیسلامییە، چونکە سروشت و ئامانجی شەڕەکان لێک جیاوازە. شەڕی کورد بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوە و بەدەستهێنانەوەی مافەکانییەتی، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەر کامیان بۆ سەپاندنی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، نەک بەرژەوەندی گەلانی ئێران. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیش ئەو ڕاستییە باش دەزانن، بەڵام بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ گەلی کورد هەموو کات بە دوای پاساوێکدا گەڕاون کە بتوانن بۆ ماوەیەک بیروڕای خەڵکی ئێرانی پێ ڕازی بکەن و لە بەردەم کۆمەڵگەی جیهانیدا پاساوی هەبوونی هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتی ئێرانیان هەبێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەیان گرووپی نیابەتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بۆ هەڕەشەکردن لەسەر بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان دروست کردووە و تەنانەت لە ئێستادا پێداگری دەکەن لەسەر ئەو بابەتە کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت لوبنان و حیزبوڵڵاش بگرێتەوە، و بەوە دەگوترێ سیاسەتی دووفاقە و دووڕوویی؛ لە لایەک پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و لە لایەکی دیکە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات کە ئێستا بەشێکە لە پێکهاتەی ئێران.
هەموو ئەوانەی باس کران، نیشانەی ترسی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە لە پێگەی جەماوەری ئەو حیزبانە، بەتایبەتی پێگەی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا. لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامە کە دوژمنایەتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو هۆکاری بنەڕەتی هەیە: یەکەم، سیستەمی کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە مافی گەلان بەتایبەتی مافەکانی گەلی کورد نییە، و دووهەم، دەسەڵاتدارانی تاران لە پێگەی جەماوەری ئەو حیزبانە لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەران و سەخڵەتن، چونکە پێیان وایە لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا، گەلی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماباقی ناوچەکانی دیکەی ئێران ئامادەتر و ڕێکخراوترن.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی ٤٧ ساڵە پێبەپێی سەرکوت و زەبروزەنگ لە کوردستان، هەوڵیان داوە لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە ڕۆخسارێکی دزێو و ناشیرین و شەڕئەنگێز لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نیشانی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی بدەن و بە دەیان تۆمەتی جۆراوجۆری وەک "جوداییخواز، بەکرێگیراوی دەوڵەتان، و..." بدەنە پاڵ ئەو حیزبانە، بەڵام هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە بە ئامانجی خۆیان بگەن، چونکە هەم گەلانی ئێران و هەم گەلی کورد باوەڕیان بە کردار و ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلانی ئێران نەبووە ئەوە لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە بەپێچەوانەی تێفکرین و بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، جووڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان تایبەت بە حیزبێک نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە ویست و داخوازی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستاندایە؛ بۆیە بە لێدانی مووشەک و دڕۆن لە شوێنی نیشتەجێبوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یا تێرۆر و گرتن و لەسێدارەدانی خەباتکارانی کورد، جووڵانەوەی مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێ ناکەوێت، بەڵکوو ئەو جۆرە هێرشە ترسنۆکانە بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم حیزبەکان و هەم خەڵکی کوردستان زیاتر لە پێشوو هەست بەوە دەکەن بۆ پاراستنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خۆیان دەبێت زیاتر و زیاتر لێک نزیک ببنەوە و کار بکەن بۆ هاوپێوەندییەکی بەهێزی نەتەوەیی.
بە واتایەکی دیکە، مێژووی ئەو ٤٧ ساڵە ئەوەی سەلماندووە کە بەپێچەوانەی ویست و ئامانجی دەسەڵاتدارانی تاران، پێگەی جەماوەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر بووە و پێگە و شەرعییەتی کۆماری ئیسلامیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا لاوازتر بووە.