کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ٣ لاوی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

09:04 - 5 جۆزەردان 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ لاوی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندی "بەفرەوان" سەر بە ناوچەی شامات لە شارستانی مەهاباد.

لەم هێرشەدا دوو برا بە ناوەکانی "ئەحەد خەیری" و "واحید خەیری" و لاوێکی دیکە بە ناوی "مەنسوور عەباسی" دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چاوەڕوانییەکان بێ‌ئاکام بووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، جۆری تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ لاوە لەبەر دەستدا نییە و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە وڵامدانەوە لەوبارەوە خۆ دەبوێرن.