هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی هاونیشتمانییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، ٣ کەس لەوانە دوو مامۆستای زمانی کوردی و ئینگلیزییان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی "مانی عەبدوڵڵازادە"، خەڵکی گوندی "دربکە"ی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵی باوکیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، کوردپا ڕایگەیاند کە "یووسف کولۆنەکزادە"، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم مامۆستایە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی تریشەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بڵاوی کردەوە کە "ئالان حکمەتیڕاد"، مامۆستای زمانی ئینگلیزیی خەڵکی مەهاباد کە ١٨ی خاکەلێوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە.
هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی گرتنی ناوبراودا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی وەک لەپتاپ و کتێبەکانیدا گرتووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ، هێشتا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستایە و جۆری تۆمەتەکانی بە نادیاری ماونەتەوە.