کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مێحراب عەبدوڵڵازادە" لە ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی لەسێدارە درا

09:28 - 13 بانەمەڕ 2726

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی "مێحراب عەبدوڵڵازادە" لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرد.

مێحراب یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە لە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژمەوە دەسبەسەر کرابوو.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ئیدیعای کردووە کە ئەم لاوە کوردە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و دەستتێدابوون لە کوژرانی یەکێک لە هێزەکانی بەسیج بە ناوی "عەباس فاتمییە" لە شاری ورمێ، حوکمی مەرگی بەسەردا سەپاوە.

حوکمی سێدارەی میحراب عەبدوڵڵازادە کە پێشتر لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لەلایەن دادگای ئینقیلابی ڕێژیم لە ورمێ دەرچووبوو، پاش پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم، سەرەنجام جێبەجێ کرا.

ئەم لەسێدارەدانە لە کاتێکدایە کە چالاکانی مافی مرۆڤ ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە تاران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و تۆڵەسەندنەوە لە ناڕازییان، پەنا بۆ کوشتنی حکوومەتی دەبات.

شایانی باسە کە ڕۆژی ڕابردوو، شەممە ١٢ی بانەمەڕ، "ناسر بەکرزادە" بەندکراوی سیاسیی کورد و "یەعقووب کەریم‌پوور" هاووڵاتی تورکی خەڵکی میاندواو بە تۆمەتی بێ‌بنەمای "سیخوڕی" دوای تێپەڕاندنی دوو ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی، لە سێدارە دران.