سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییەک بە ناوی "پێژمان حاجیزادە"، خەڵکی گوندی "گامێش گۆلی"ی سەر بە میاندواو و دانیشتووی بۆکان، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە کە ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
کوردپا لەزاری سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕایگەیاند کە ناوبراو بە مەبەستی لێپێچنەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە و لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا، تەنیا یەک جار پەیوەندیی تلفۆنیی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە.
پێژمان حاجیزادە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، ڕانەگەیەندراوە.