کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاڵای پڕوپاگەندە

09:27 - 7 جۆزەردان 2726

ئاسۆ مینبەری

ماوەیەکە کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزنیشاندانی خۆی و لە ڕاستای نکۆڵیکردن لە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی، پەنای بردووەتە بەر پڕوپاگەندەیەکی میدیایی؛ پڕوپاگەندەیەک کە تێیدا دیسان ژن ئەکتەری سەرەکییە!

لەو کاتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، چوارچێوەی نیزامی ویلایەتی فەقیهیان تێک دا و کاربەدەستانی پلە یەکی ئەم ڕێژیمەیان کردە ئامانج، ڕێژیم لە ڕێگەی ناوەندەکانی پڕوپاگەندەی خۆیەوە هەوڵ دەدات، سەرپۆشێک بەسەر شکستەکانیدا بدات و وای بنوێنێ کە وەک دەسەڵاتێکی خۆڕاگر، لە سۆنگەی هێزەوە دەردەکەوێ. بەڵام ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن و هەرچی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بشارێتەوە، زیاتر ڕیسوا دەبێت و زیاتر دەردەکەوێ کە ئەو ڕێژیمە خەریکە دوایین ساتەکانی تەمەنی نگریسی خۆی تێدەپەڕێنێت.

لە نوێترین هەوڵەکانی ڕێژیمدا، ژنان وەک کاڵایەکی هەرزان بوونەتە ئەکتەری سەرەکی بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتێک کە لە هەموو ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ئەوانی وەک مرۆڤی پلە چەندیش نەبینیبوو. بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی، ژن وەک بوونەوەرێکی ناکارامە سەیر کراوە کە تەنیا لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا پێناسەی بۆ کرابوو و تەنیا ئەرکیشی لەم جیهانە پان و بەرینەدا، وەچەخستنەوە بۆ گەورەکردنەوەی بنەماڵەگەلێک بوو کە پیاوان تێیدا قسەی یەکەم دەکەن.

لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لە قۆناغە دژوارەکانی مێژووی خۆی و لە کاردانەوە بە ڕووداوەکاندا، ژنان وەکوو کاڵایەکی هەرزان بەکار دەهێنێ. هەرزانن لەبەر ئەوەی کە ئەو ژنانەی کە دەچنە چوارچێوەی پیلانەکانی ڕێژیمەوە، کەسانێکی نەفس‌نزمن کە بە کەمترین پارە ئامادەن پشت لە خەڵک و نەتەوەی خۆیان بکەن و ببن بە مۆرەگەلێکی سەرکوتکاری گوێڕایەڵ کە لە یادگەی مێژووییشیاندا نەماوە کە ٤٧ ساڵە کۆماری ئیسلامی قەت وەکوو مرۆڤیش سەیری نەکردوون.

لەگەڵ دەسپێكی شۆڕشی ژینا و هاتنە مەیدانی ژنان، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا لە هەندێ پڕوپاگەندەی تایبەتدا ژنان بێنێتە نێو مەیدانەوە تاکوو بە دنیای دەرەوەی بسەلمێنێت کە ژن لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا مافی هەیە، بەڵام ڕاستیی ڕووداوەکان و ئامارەکان لە سەرکوتی ژنان وێنایەکی دیکەیان بە جیهان دا.

لە قۆناغی ئێستاشدا و دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئەم دەسەڵاتە، جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ بەکاڵاکردنی ژنان دەستیان پێ کردووەتەوە. ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە لە ژنانی چەکداری سەر بە دەسەڵاتەکەی لەسەر ماشینی نیزامییەوە، هەوڵی دا پەیامێک بە دەرەوە بگەیەنێ کە تەنانەت ژنانیش ئامادەی پارێزگاری لە ئێرانن! بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە کاردانەوەی زۆریان بەدواوە بوو. ئەو وێنانە لانیکەم بۆ ئەو ژنانەی کە لەو جوغرافیایەدا ژیابێتن، جگە لە درۆیەکی گەورە هیچ نین.

یەکەم ئەوەی کە پێناسەی کۆماری ئیسلامی لە ژن، ژنی چەکداری پارێزەری جوغرافیاکەی نییە و دووەم ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە لەو ڕێژیمەدا وا بووە کە ژنان قەت خۆیان لە بازنەی کاروباری نیزامیدا نەبینیوەتەوە چونکە ئەم جۆرە چالاکییانە لای کۆماری ئیسلامی دەچنە چوارچێوەی جیاکردنەوەی ئەرکەکان، کڵیشە ڕەگەزییەکان و بیرکردنەوەی پیاوسالارانەوە! لە نوێترین ڤیدیۆکانیشدا کە بڵاو بوونەتەوە، ژنان خەریکی کردنەوە و بەستی چەکی کلاشینکۆفن و دەنگوڕەنگی ڕێژیمیش بووەتە سەکۆیەک بۆ فێرکاریی ئاکاری توندوتیژ و چۆنیەتیی تەقەکردن لە دوژمن!

یەکەم بابەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە کاتی قەیرانی قووڵی ڕووخاندا، ئەم ژنانە وەک کاڵایەک بۆ پڕوپاگەندەی ئیدئۆلۆژیکی خۆی بەکار دەهێنێ و دەیەوێ لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازدا زەقیان بکاتەوە.

دووەم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕێک دەزانێت کە خەریکە بەرەو ئاخرین ساتەکانی تەمەنی دەچێت و دەیەوێ بە بەسیجکردنی خەڵک مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات.

سێیەم ئەوەیە کە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی زۆر لاواز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نالەباربوونی دۆخی ژیانی خەڵک و سەختبوونەوەی گوزەران و ژیانیان دەتوانێ چەخماخەی شۆڕش و سەرهەڵدانێکی نێوخۆیی دیکە لێ بدات. نابێ لەبیرمان بچێت کە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕێک بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی ئابووری دەستیان پێ کرد و ڕێژیم لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکەرەکانییەوە، کۆمەڵکوژییەکی بێوێنەی لە مێژووی خۆیدا دەست پێ کرد.

لە ئێستاشدا مانۆڕدان بەو ژنانە و چەکدارکردنیان لە ڕاستای پلانێکی نوێی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لەلایەن هێزە ئاتەش بە ئێختیارەکانییەتی.

بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە کە تێیدا ژنان ئەکتەری سەرەکین، تەنیا بۆ شاردنەوەی ماهییەتی توندوتیژ و دڕندەی کۆماری ئیسلامییە. چونکە ژن هەمیشە وەک بوونەوەرێکی ئارام و لەسەرەخۆ پێناسەی بۆ کراوە کە زیاتر لەوەی بیر لە شەڕ و ناسەقامگیری بکاتەوە، وەک باڵوێزی ئاشتی و ئارامی دەناسرێت. ئەو ژنانەی کە بوونەتە گۆپاڵی دەستی کۆماری ئیسلامی، تەنیا مۆرەگەلێکی بەکەڵک نەهاتوون کە کۆماری ئیسلامی خەریکە وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی خۆی و ڕێژیمەکەی کەڵكیان لێ وەردەگرێت.

لە ڕاستیدا دەرکەوتنی ئەو ژنانە ناتوانێ هیچ لە پێناسەی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانە کەم بکاتەوە کە بە پێچەوانەی ئەوان، بە تێگەیشتن لە بوون و شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان، هەنگاویان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. بێگومان بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوو بەرەیە لە ژنان تەنیا بە سەرکەوتنی ئەوانەیان کۆتایی پێ دێت کە ڕێگای هەقیقەتیان هەڵبژاردووە و بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی، ئامادەیی گیانفیدایین.