کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڵاهۆ؛ دوو برای کوردی یارسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژران

10:14 - 8 جۆزەردان 2726

دوو برای کوردی یارسان و خەڵکی داڵاهۆ بە ناوەکانی "موجتەبا وەیسی" و "مەیسەم وەیسی" کە بەتۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە دوایاندا دەگەڕان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردان لە کاتی خۆحەشارداندا لە گوندی "خولەکەوش"ی سەر بە داڵاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ئەم دوو برایە کە باوکی منداڵی بچووک بوون، لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کۆمەڵگەی یارسان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی "دەرەدرێژ"ی کرماشان بوون.

موجتەبا وەیسی کە وەرزشوانێکی ناسراوی زۆرانبازی و هونەرمەند بوو، پێشتریش لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بەهۆی ئامادەکاری بۆ نەورۆز دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە بارمتە ئازاد ببوو.

ئەو لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە کەوتوونەتە دەست میدیاکان، لە ژێر گوشاری توندی تەلەفۆنیی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بووە بۆ ئەوەی بێ بەڵگەی خۆی تەسلیم بکات.

پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەستیان کردووە بە کوشتن و سڕینەوەی چالاکان بە مەبەستی ترساندنی کۆمەڵگەی یارسان.

دوای کوژرانی ئەم دوو برایەش، تەرمەکانیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.