ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان" وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆرکردنی دوو برای چالاکی یارسانی بە ناوەکانی "مەیسەم و مەجتەبا وەیسی" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و داوای لە ناوەندە جیهانییەکان کرد لە بەرامبەر ئەم جینایەتەدا بێدەنگ نەبن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
کۆمەڵگە مەدەنی، فەرهەنگی و وەرزشییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!
هەروەک ئاگادارن و لە مێژووی پڕ لە جینایەت و مرۆڤکوژیی کۆماری ئیسلامی تۆمار کراوە و بە بەڵگە سەلمێندراوە، ڕۆڵەکانی کورد بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لەلایەن ئەم سیستەمە خوێنڕێژە، زیاتر لە چوار دەیەیە خوێنیان دەڕژێت و یان ڕەوانەی سیاچاڵەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکرێن.
ئەم پێکهاتە داخراوە و دژەمرۆیییە کە ساڵانێکە بە هۆی شەڕئەنگێزی و سیاسەتی پاوانخوازانەیەوە نەک هەر لە ئێران و کوردستان بەڵکوو لە جیهاندا، ڕەوایی خۆی لە دەست داوە و لە بوارە جۆراجۆرەکاندا ئیزولە بووە و تەنیا ئامرازی ڕاگرتن و ڕەواییدانی زۆرەملێی خۆی لە سەرکوت و کوشتنی جیابیران و دژبەرانی خۆیدا دەبینێت، لە پاش تێکشکانی لە شەڕی لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەو دۆڕان و سەرشۆڕییەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە وەک هەمیشە دەستی لە جینایەت بە دژی خەڵکی بێدیفاع و بێدەرەتانی نێوخۆ و بەتایبەت کوردستان نەپاراستووە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە خەڵک لە دۆخی دابڕان لە دنیای دەرەوە و بەبێ ئینترنت مابوونەوە، هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە دەسبەسەرکردن، لەسێدارەدان و تێرۆری چالاکانی مەدەنی و سیاسی و بەبێ گوێدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکان هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مرۆیییان ئەنجام داوە.
لە نوێترین کردەوەی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی، تیرۆری دوو برای یارسانی بە ناوەکانی "مەیسەم و مەجتەبا وەیسیـ"ـیە کە لە بوارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی و وەرزشی لە شاری کرماشان کەسانێکی ناسراو و جێی باوەڕی خەڵک بوون.
ئەم دوو هاووڵاتییە کە ماوەی نزیک بە چوار مانگە لە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان شاردبووەوە، لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، دوای ئاشکرابوونی شوێنەکەیان لە گوندی "خولەکەوش" لە کاتژمێری ٣ی نیوەشەو بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا پێوەندیدارەکان و بە تەقەی ڕاستەوخۆ تێرۆر دەکرێن.
شێوازی بەرەوڕووبوونەوە و کوشتنی ئەم دوو برایە لە کاتێکدا کە کەسانێکی سڤیل و بێچەک بوون جگە لە تیرۆر هیچ ناوێکی دیکە هەڵناگرێت و ئێمە وەک "ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان " ئەم ئەم جینایەت و تێرۆرە بەتەواوەتی مەحکووم دەکەین و داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ئێران و جیهان دەکەین کە لە بەرانبەر ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتی و مەزڵوومبوونی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی نێوخۆی کوردستان و ئێران بن.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥