ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، سێمینارێکی سیاسی ـ تەشکیلاتی بۆ بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئامادەبوونی ئەندامانی حیزب و دەستەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات لە شاری سترۆمێنی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، کاکا مستەفا هیجری باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە دۆخی تەشکیلاتی پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی حیزبی دێموکرات کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی یەکڕیزیی نێوخۆیی و هاواهەنگی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان، کلیلی سەرەکییە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێرانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، خاوەن بڕیار و کاریگەر بێت.
سکرتێری گشتیی حیزب تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و ڕایگەیاند: "ئەم یەکگرتنەوەیە نەک هەر حیزبی بەهێزتر کرد، بەڵکوو ورەیەکی زۆری بە خەڵکی ڕۆژهەڵات بەخشی؛ بە جۆرێک کە ئێستا بانگەوازەکانی حیزب بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان بە گوڕوتینێکی زیاترەوە وڵام دەدرێنەوە."
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەڕێز هیجری وتی کە ڕێژیم گەیشتووەتە بنبەست و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری زۆرە ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی هەموو مەرجەکانی ئەمریکا قەبووڵ بکات، بەڵام جارێکی دیکە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست ناهێنێتەوە و دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی توندی نێودەوڵەتییەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری گشتی باسی لە ڕۆڵی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی وردی سیاسی پێکهاتووە. وتیشی: "ئێمە ئێستا لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و پارلەمانی ئورووپادا، وەک دەنگێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەردەکەوین، کە ئەمەش ترسی گەورەی لای کۆماری ئیسلامی دروست کردووە."
لە بڕگەی دووهەمی سێمینارەکەدا، دانیشتنێکی کراوە بۆ پرسیار و تێبینیی بەشداربووان تەرخان کرا. تێیدا هەر یەک لە بەڕێزان مستەفا هیجری و دکتور کوێستان گادانی، وڵامی وردی پرسیارە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی ئەندامانیان دایەوە.
لە پەراوێزی سێمینارەکەدا، هونەرمەندان قادر ئەلیاسی و شێرکۆ مەریوانی بە چەندین سروودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە، کەشێکی پڕ لە حەماسیان بە کۆبوونەوەکە بەخشی.