کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن بەڕێوە چوو

09:02 - 14 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵگەی کوردیی نیشتەجێی بریتانیا ڕێک خرا.

سەرەتای چالاکییەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی ئەم خۆپیشاندانەدا، بەڕێز کەیوان شێرزاد، بەرپرسی گشتیی تەشکیلاتی حیزب، پەیامی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"ی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا وێڕای مەحکوومکردنی پەلامارە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، جەخت لەسەر یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان لە بەرانبەر سیاسەتە داگیرکەرانەکانی کۆماری ئیسلامی کرایەوە.

بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشم، ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بەرانبەر بە هێرش بۆ سەر بنکە مەدەنییەکان و هەروەها شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە نێوخۆی وڵات نیشان دا.

خۆپیشاندەران داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی بریتانیا کرد کە بە شێوەیەکی جیددی بێنە دەنگ و گوشارە سیاسی و یاساییەکانیان بۆ سەر تاران زیاد بکەن تا ڕێگری لەم تاوانە مرۆییانە بکرێت.

لە کۆتاییدا، بەشداربووان جەختیان لە بەردەوامیی خەبات تا بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان کردەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ هێرش و سەرکوتێک ئیرادەی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی ناشکێنێت.